عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
 بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
- 2
- بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
 گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
- 3
- کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
 داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
- 4
- بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
 هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
- 5
- هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
 لە حوکمەکانی خودا ناگات،
 ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
- 6
- لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
 هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
- 7
- دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
 بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
- 8
- لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
 خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
- 9
- وەک شێر خۆی مات دەکات،
 خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
 بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
- 10
- نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
 دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
- 11
- لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
 چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
- 12
- ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
 ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
- 13
- چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
 بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
- 14
- بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
 لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
 ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
 تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
- 15
- بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
 تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
- 16
- یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
 نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
- 17
- ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
 دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
- 18
- بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
 تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت. //زەبوورێکی داود.

