عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییەک. زەبوورێکی داود. 
1
ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
2
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
3
ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
4
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
5
ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
6
بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
7
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم.
8
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە.
9
مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
10
کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
11
ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
12
یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
13
لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
  1. a. 108‏:7 ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏
  2. b. 108‏:8 گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.‏
  3. c. 108‏:9 خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.‏