عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- هەلیلویا!
 بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
 لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.
- 2
- کردارەکانی یەزدان مەزنن،
 هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
- 3
- بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
 ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
- 4
- وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
- 5
- خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
 هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.
- 6
- هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
 بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
- 7
- کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
 ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
- 8
- هەتاهەتایە چەسپاون،
 بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
- 9
- کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
 فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
 پیرۆز و سامناکە ناوی.
- 10
- لەخواترسی سەرەتای داناییە،
 تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
 ستایشکردن بۆ ئەوە هەتاهەتایە چەسپاوە.

