عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
 بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
 لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
- 2
- بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
 «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
- 3
- خودامان لە ئاسمانە،
 هەرچی حەز بکات، دەیکات.
- 4
- بتەکانیان زێڕ و زیون،
 دەستکردی مرۆڤن.
- 5
- دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
 چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
- 6
- گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
 لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
- 7
- دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
 پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
 دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
- 8
- دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
 هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
- 9
- ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
 ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
- 10
- ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
 ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
- 11
- ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
 ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
- 12
- یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
 بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
 بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
- 13
- بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
 گەورە و بچووکیش.
- 14
- با یەزدان هەر زیادتان بکات،
 ئێوە و منداڵەکانتان.
- 15
- با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
 دروستکەری ئاسمان و زەوی.
- 16
- ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
 زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
- 17
- نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
 نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
- 18
- بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
 لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
 هەلیلویا!

