عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
- 2
- با ئیسرائیل بڵێ:
 «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
- 3
- با بنەماڵەی هارون بڵێن:
 «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
- 4
- با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن:
 «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
- 5
- لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد،
 بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.
- 6
- یەزدان لەلای منە، ناترسم،
 مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟
- 7
- یەزدان لەلای منە، ئەو یارمەتیدەری منە،
 سەرکەوتووانە تەماشای ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.
- 8
- پەنابردنە بەر یەزدان باشترە
 لە پشتبەستن بە مرۆڤ.
- 9
- پەنابردنە بەر یەزدان باشترە
 لە پشتبەستن بە میران.
- 10
- هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان دام،
 بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
- 11
- ئابڵوقەیان دام و دەوریان گرتم،
 بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
- 12
- وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵان،
 وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە،
 بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.
- 13
- توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم،
 بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.
- 14
- یەزدان هێز و گۆرانی منە،
 یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
- 15
- دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
 «دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
- 16
- دەستی ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
 دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
- 17
- من نامرم، بەڵکو دەژیم و
 باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
- 18
- یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
 بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
- 19
- دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
 پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
- 20
- ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
 ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
- 21
- ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
 بۆم بووی بە ڕزگاری.
- 22
- ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
 بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a] .
- 23
- ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
 لەبەرچاومان سەیرە.
- 24
- ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
 با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
- 25
- ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
 ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.
- 26
- پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
 لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
- 27
- یەزدان خودامانە و
 ئەو ڕووناکی خۆی بەسەرماندا درەوشاندەوە.
 قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
 بە قۆچەکانی قوربانگا.
- 28
- تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
 تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.
- 29
- ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
- a. 118:22 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.

