عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.
- 1
- پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
 بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
- 2
- سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
 لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
- 3
- لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
 تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
 لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
 خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
- 4
- ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
 کوا ناسیاوی من؟
 پەناگا بۆ من قڕبووە،
 کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
- 5
- ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
 گوتم: «تۆ پەناگای منی،
 لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
- 6
- بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
 چونکە زۆر زەلیلم،
 لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
 چونکە لە من بەهێزترن.
- 7
- گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
 بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
 ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
 چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.

