عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ستایشێکی داود.
- 1
- بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
 هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
- 2
- هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
 هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
- 3
- یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
 مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
- 4
- هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
 پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
- 5
- دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
 منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
- 6
- دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،
 منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
- 7
- یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،
 گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.
- 8
- یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
 پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.
- 9
- یەزدان بۆ هەمووان چاکە،
 بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
- 10
- ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،
 خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
- 11
- دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،
 باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
- 12
- تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،
 هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
- 13
- شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،
 فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.
 یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،
 خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
- 14
- یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،
 ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
- 15
- چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،
 تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
- 16
- دەستت دەکەیتەوە و
 ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.
- 17
- یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
 خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
- 18
- یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
 لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
- 19
- ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
 گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
- 20
- یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
 بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
- 21
- دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
 با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

