عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- هەلیلویا!
 گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
 ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.
- 2
- با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
 با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
- 3
- با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
 بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
- 4
- چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
 بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
- 5
- با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
 با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.
- 6
- با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
 شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
- 7
- بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
 گەلان سزا بدەن،
- 8
- بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
 کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
- 9
- بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
 ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.
 هەلیلویا.

