عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
 ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
- 2
- بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
 بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
- 3
- سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
 بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.
- 4
- لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
 لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
- 5
- یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
 زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
- 6
- بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
 بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
- 7
- ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
 زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
- 8
- با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
 با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
- 9
- لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو،
 فەرمانی دا، بوو.
- 10
- یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
 تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
- 11
- بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
 تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.
- 12
- خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە،
 بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
- 13
- یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
 هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
- 14
- لە نشینگەکەی خۆیەوە
 چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
- 15
- ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
 ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
- 16
- هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
 هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
- 17
- ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
 بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
- 18
- بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
 ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە،
- 19
- بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
 لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
- 20
- ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
 یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
- 21
- دڵمان بەو خۆشە،
 چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
- 22
- ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
 بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.

