عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.
 - 1
 - دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە. - 2
 - تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت. - 3
 - ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،
شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە. - 4
 - بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،
لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،
با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو. - 5
 - با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،
با گەلان لەبەر پێت بکەون. - 6
 - ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە. - 7
 - تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[a] . - 8
 - جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[b]  و کاسیا[c]  بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[d] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات. - 9
 - لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن،
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[e] لەلای دەستی ڕاستتە. - 10
 - ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە. - 11
 - پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە. - 12
 - دانیشتووانی شاری سور[f]  بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت. - 13
 - کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە. - 14
 - بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[g] دێنن. - 15
 - بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا. - 16
 - کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی. - 17
 - یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن. 
- a. 45:7 دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەرکێکی ئایینی یان پاشایەتی ئەو کاتە بە چەورکردنی بووە بە ڕۆن.
 - b. 45:8 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.
 - c. 45:8 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.
 - d. 45:8 عاج، دوو قۆچە گەورەکەی فیل، دەتاشرێن بۆ دروستکردنی پەیکەر و شتی دیکە بۆ ڕازاندنەوەی ناو ماڵ.
 - e. 45:9 ڕەنگە وڵاتی یەمەن بێت، بە چاکی جۆری زێڕەکەی بەناوبانگ بووە.
 - f. 45:12 مەبەست لە دانیشتووانی شاری سورە، کە شارێکی فینیقی زۆر بەناوبانگ و زۆر کۆنە.
 - g. 45:14 تۆی پاشا.
 

