عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
 - 1
 - یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی. - 2
 - کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a] ،
شاری پاشای گەورەیە[b] . - 3
 - خودا لەناو قەڵاکانی
وەک پەناگایەک ناسراوە. - 4
 - ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە، - 5
 - کە بینییان تاسان،
بە ترسەوە هەڵاتن. - 6
 - لەوێ لەرزیان لێهات،
ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون. - 7
 - وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c]  تێکت شکاندن،
بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن. - 8
 - هەروەک بیستمان،
ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
لە شاری خودامان:
«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d] - 9
 - ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە. - 10
 - ئەی خودایە، وەک ناوت
ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی. - 11
 - کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
بەهۆی دادوەرییەکانت. - 12
 - بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
قوللەکانی بژمێرن، - 13
 - لە شووراکانی وردبنەوە،
بڕواننە قەڵاکانی،
هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن. - 14
 - هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە. 
- a. 48:2 شاخی پیرۆز لە باکوور، لە فینیکیا، کە لە ئەندێشەی خەڵک شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە.
 - b. 48:2 مەبەست لە پاشای گەورە، خودایە. بڕوانە 47:2؛ 48:1.
 - c. 48:7 جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.
 - d. 48:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی \+tl سەلاە\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
 - e. 48:11 لە کەلتوری عیبری بە گوندەکانی دەوروبەری شارەکان دەگوترێ کچانی.
 

