عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.
 - 1
 - ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە. - 2
 - لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
لافاو ڕایماڵیوم. - 3
 - ماندوو بووم لە هاوارکردن،
گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن. - 4
 - ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
لە مووی سەرم زۆرترن،
زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
ئەوەی نەمدزیوە
ئێستا دەبێت بیدەمەوە. - 5
 - ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین. - 6
 - ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە،
بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن.
ئەی خودای ئیسرائیل،
با ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن،
بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن. - 7
 - لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت،
شەرمەزاری ڕووی داگرتم. - 8
 - لەلای براکانم بووم بە بیانی،
لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە. - 9
 - دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت،
جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من. - 10
 - کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە،
بوو بە سووکایەتی بۆم. - 11
 - جلوبەرگی گوشم پۆشی،
بووم بە پەند لەلایان، - 12
 - بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن[a] ،
مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن. - 13
 - ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە. - 14
 - دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم. - 15
 - با لافاو ڕام نەماڵێت،
قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
زەوی قووتم نەدات. - 16
 - ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە، - 17
 - ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە،
چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە. - 18
 - لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە،
لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە. - 19
 - تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت،
هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن. - 20
 - ڕیسوایی دڵی شکاندووم،
نەخۆش کەوتووم،
چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو،
چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت. - 21
 - ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا،
لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام. - 22
 - با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان،
ببێتە سزا و تەڵەیان. - 23
 - با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
هەمیشە پشتیان چەماوە بێت. - 24
 - هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە،
با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ. - 25
 - با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت،
کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت! - 26
 - ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و
ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن. - 27
 - تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان،
بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت. - 28
 - لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە،
لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە. - 29
 - ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام،
با ڕزگاریت بمپارێزێت. - 30
 - بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم. - 31
 - ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم. - 32
 - هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
ئەی ئەوانەی ڕوو لە خودا دەکەن، با دڵتان ببووژێتەوە! - 33
 - یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات. - 34
 - با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت، - 35
 - چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان، - 36
 - دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین. 
- a. 69:12 پیران و ماقوڵانی شار لەبەردەم دەروازەی شارەکە کۆبوونەتەوە.
 

