عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
 با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
- 2
- بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
 گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
- 3
- بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
 هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
 فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
 چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
- 4
- ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
 لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
- 5
- ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت،
 لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
- 6
- لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
 تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
 ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
- 7
- بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
 بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
- 8
- دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
 لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
- 9
- لە کاتی پیری فڕێممەدە،
 کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە،
- 10
- چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
 ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
- 11
- دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
 ڕاوی بنێن و بیگرن،
 چونکە دەربازکەری نییە.»
- 12
- خودایە، لێم دوور مەکەوە،
 ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
- 13
- با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
 با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
 ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
- 14
- بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
 هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
- 15
- دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،
 بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،
 هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
- 16
- دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،
 تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
- 17
- خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،
 هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
- 18
- خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،
 وازم لێ مەهێنە،
 هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،
 هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
- 19
- خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،
 کردارەکانت زۆر مەزنن.
 ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
- 20
- تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،
 بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،
 لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
- 21
- مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،
 دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
- 22
- ئەی خودای من،
 لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم،
 ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
 بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
- 23
- لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،
 کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،
 هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
- 24
- زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،
 چونکە شەرمەزار و سووک بوون،
 ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

