عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت،
 ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،
- 2
- بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
 خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»
- 3
- بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،
 لە دەرد و بەڵای کوشندە.
- 4
- بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،
 لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و
 دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
- 5
- نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و
 نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
- 6
- نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،
 نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
- 7
- هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە،
 دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت،
 بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.
- 8
- بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و
 سزای بەدکاران دەبینیت.
- 9
- ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات،
 هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
- 10
- هیچ خراپەت بەسەرنایەت و
 هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
- 11
- لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
 بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
- 12
- لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
 تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
- 13
- پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،
 بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.
- 14
- یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
 دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a] .
- 15
- نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
 لە تەنگانە لەگەڵیدام،
 دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
- 16
- بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
 ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»
- a. 91:14 عیبری: (ناوی من دەناسێت) بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.

