عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان. - 2
 - بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین. - 3
 - لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە. - 4
 - قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
لووتکەی شاخەکان هی ئەون. - 5
 - دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا. - 6
 - وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین، - 7
 - چونکە ئەو خودامانە و
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
مەڕی دەستی ئەوین.
ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت: - 8
 - «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان، - 9
 - لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە. - 10
 - چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
ڕێگای منیان نەناسی.“ - 11
 - بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“» 
- a. 95:8 ناوێکی عیبرییە بە واتای تاقیکردنەوە، شوێنێکە لە چۆڵەوانی سینا، هەروەها پێی دەگوترێت مەریبا. بڕوانە ڕوونکردنەوە دەربارەی مێرگی مەریبا لە زەبوورەکان 81:7. هەروەها بڕوانە دەرچوون 17:1-7.
 

