عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو شایەتەکە 
1
پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن.
2
بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە. ئەوان چل و دوو مانگ شاری پیرۆز پێشێل دەکەن.
3
هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.»
4
ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون.
5
ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. هەر کەسێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت.
6
ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە هەر کاتێک بیانەوێ بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن.
7
کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت.
8
هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا.
9
بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن،
10
هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.
11
بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد.
12
دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.
13
هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.
14
نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.
کەڕەنای حەوتەم 
15
فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:
«شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی[a] ،
مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
16
ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
17
گوتیان:
«سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا،
ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
18
نەتەوەکان تووڕە بوون،
بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە،
هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»
19
پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
  1. a. 11‏:15 بڕوانە دانیال 7‏:13‏-14.‏‏