عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
کەوتنی بابل 
1
پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە.
2
بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:
«کەوت! بابلی گەورە کەوت!
بووە جێنشینی جنۆکەکان و
پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،
پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،
پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.
3
لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان
لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.
پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،
بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»
4
گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:
«ئەی گەلی من لێی دەربچن،
تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،
تاکو دەردەکانی نەگرن،
5
چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و
خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.
6
سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و
بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،
لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.
7
هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،
ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،
هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“
8
لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،
مردن و شیوەن و قاتوقڕی.
بە ئاگریش دەسووتێت،
خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.
سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل 
9
«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن.
10
لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:
«”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!
ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!
چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“
11
«بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت،
12
شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ،
13
دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان[a] ، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»
14
دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.»
15
بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و
16
دەڵێن:
«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،
کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،
بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!
17
چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“
«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن.
18
کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“
19
خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:
«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!
ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!
لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!
20
«”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!
چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»
دوایین کەوتنی بابل 
21
ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:
«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
هەرگیز نادۆزرێتەوە.
22
ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
23
هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.
24
تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»
  1. a. 18‏:13 جۆرێکی تایبەتە لە بخوور و لە دار دروستدەکرێ.‏