عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - مۆری حەوتەم
 - 1
 - کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نیو کاتژمێر بێدەنگییەک ئاسمانی گرتەوە.
 - 2
 - ئەو حەوت فریشتەیەم بینی کە لەبەردەم خودا ڕادەوەستن و حەوت کەڕەنایان پێدرابوو.
 - 3
 - فریشتەیەکی دیکەش هات و لەلای قوربانگاکە وەستا، بخووردانێکی زێڕینی پێبوو. بخوورێکی زۆریشی پێدرابوو تاکو لەگەڵ نوێژی گەلی پیرۆزی خودا لەسەر ئەو قوربانگا زێڕینەی کە لەبەردەم تەختەکەیە پێشکەشی بکات.
 - 4
 - لەگەڵ نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودا، دووکەڵی بخوور لە دەستی فریشتەکە لەبەردەم خودا بەرزبووەوە.
 - 5
 - فریشتەکەش بخووردانەکەی برد و لە قوربانگاکە پڕی کرد لە ئاگر و فڕێیدایە سەر زەوی. ئیتر بوو بە هەورەگرمە و دەنگەدەنگ و هەورە بروسکە، پاشان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا.
 - حەوت کەڕەناکان
 - 6
 - ئیتر ئەو حەوت فریشتەیەی کە حەوت کەڕەناکەیان پێبوو، خۆیان بۆ لێدانی کەڕەنا ئامادە کرد.
 - 7
 - فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا و تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن پەیدابوو، فڕێدرانە سەر زەوی. سێیەکی زەوی سووتا و سێیەکی درەختەکانیش سووتان و هەموو گیایەکی سەوز سووتان.
 - 8
 - فریشتەی دووەم کەڕەناکەی لێدا و شتێک لە شێوەی چیایەکی گەورەی گڕگرتوو فڕێدرایە دەریاوە. سێیەکی دەریاکەش بووە خوێن،
 - 9
 - سێیەکی بوونەوەرانی زیندووی دەریاش مردن، سێیەکی کەشتییەکانیش تێکشکان.
 - 10
 - فریشتەی سێیەم کەڕەناکەی لێدا و ئەستێرەیەکی گەورەی پرشنگداری وەک چرا لە ئاسمانەوە کەوتە سەر سێیەکی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو،
 - 11
 - ئەستێرەکەش ناوی زەقنەبووت بوو. سێیەکی ئاو تاڵ بوو، خەڵکانێکی زۆریش لەبەر تاڵی ئاوەکە مردن.
 - 12
 - فریشتەی چوارەمیش کەڕەناکەی لێدا و سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان لێدران، تاکو سێیەکیان تاریک بن. ڕۆژ سێیەکی تاریک بوو، سێیەکی شەویش بە هەمان شێوە بێ ڕووناکی بوو.
 - 13
 - پاشان تەماشام کرد، بیستم هەڵۆیەکی هەڵفڕیو لە ناوەڕاستی ئاسماندا، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «قوڕبەسەرتان! قوڕبەسەرتان! ئەی دانیشتووانی سەر زەوی، قوڕبەسەرتان! کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە خەریکن کەڕەناکانیان لێدەدەن، چی بەسەر زەوی دەهێنن!»
 

