عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.
2
شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.
3
لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان[a] لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.
4
بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
ڕزگاری بۆ هەمووان 
5
موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾[b]
6
بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾[c] بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،
7
﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾[d] بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.
8
بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾[e] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:
9
ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.
10
لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.
11
هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾[f]
12
جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
13
چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾[g]
14
ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟
15
هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾[h]
16
بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾[i]
17
کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.
18
بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو!
﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾[j]
19
بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:
﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾[k]
20
بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:
﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،
دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾[l]
21
بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:
﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾[m]
  1. a. 10‏:3 یۆنانی: ڕاستودروستی.‏
  2. b. 10‏:5 لێڤییەکان 18‏:5.‏‏
  3. c. 10‏:6 دواوتار 30‏:12‏.‏
  4. d. 10‏:7 دواوتار 30‏:13‏.‏
  5. e. 10‏:8 دواوتار 30‏:14‏.‏
  6. f. 10‏:11 ئیشایا 28‏:16.‏‏
  7. g. 10‏:13 یۆئێل 2‏:32.‏‏
  8. h. 10‏:15 ئیشایا 52‏:7.‏‏
  9. i. 10‏:16 ئیشایا 53‏:1.‏‏
  10. j. 10‏:18 زەبوورەکان 19‏:4.‏‏
  11. k. 10‏:19 دواوتار 32‏:21‏.‏
  12. l. 10‏:20 ئیشایا 65‏:1.‏‏
  13. m. 10‏:21 ئیشایا 65‏:2.‏‏