عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دڵسۆزیی خودا 
1
کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟
2
زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
3
کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟
4
نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾[a]
5
بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.)
6
نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟
7
لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟»
8
ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە!
هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە 
9
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن،
10
وەک نووسراوە:
﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
11
کەس نییە تێبگات،
کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
12
هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
تێکڕا بێ سوود بوون.
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾[b]
13
﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾[c]
﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾[d]
14
﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾[e]
15
﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
16
وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
17
ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾[f]
18
﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾[g]
19
ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا.
20
بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[h] دەناسرێت.
بێتاوانکردن بە باوەڕ 
21
بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن.
22
ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی،
23
لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و
24
بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی[i] کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.
25
خودا مەسیحی وەک کەفارەت[j] پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا،
26
هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
27
بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ.
28
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت.
29
ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە،
30
چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنەنەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات.
31
ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت[k] دەچەسپێنین.
  1. a. 3‏:4 زەبوورەکان 51‏:4.‏‏
  2. b. 3‏:12 زەبوورەکان 14‏:1‏-3 و زەبوورەکان 53‏:1‏-3.‏‏
  3. c. 3‏:13 زەبوورەکان 5‏:9.‏‏
  4. d. 3‏:13 زەبوورەکان 140‏:3.‏‏
  5. e. 3‏:14 زەبوورەکان 10‏:7.‏‏
  6. f. 3‏:17 ئیشایا 59‏:7‏-8.‏‏
  7. g. 3‏:18 زەبوورەکان 36‏:1.‏‏
  8. h. 3‏:20 مەبەست لە شەریعەتی موسایە کە تەوراتە.‏
  9. i. 3‏:24 کڕینەوەی مرۆڤ لە کۆیلایەتی گوناه بە خوێنی عیسا.‏
  10. j. 3‏:25 ئەو قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏
  11. k. 3‏:31 شەریعەتی موسا.‏