عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئازادبوون لە تەورات 
1
ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدوێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن شەریعەتی تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟
2
بۆ نموونە، ژن بەپێی شەریعەت بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو شەریعەتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە.
3
کەواتە هەتا مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی شەریعەت ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە.
4
ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە شەریعەت مردن، تاکو ببنە هی کەسێکی دیکە، ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین،
5
چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی شەریعەتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی دەمانکرد دەبوونە هۆی مردن.
6
بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو.
تەورات پیرۆزە 
7
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! چونکە لە ڕێگەی شەریعەتی تەوراتەوە نەبووایە، گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە ﴿چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.﴾[a]
8
بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ شەریعەت مردووە.
9
منیش پێشتر بەبێ شەریعەت دەژیام، بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم.
10
بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی مایەی ژیانە، بۆ من مردنە،
11
چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت.
12
کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.
13
ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە.
14
ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه.
15
ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوە دەکەم کە ڕقم لێیەتی.
16
ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە.
17
ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە،
18
چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتا لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە،
19
چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم.
20
ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.
21
کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە،
22
چونکە لە ناخمدا بە شەریعەتی خودا دڵشادم،
23
بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە.
24
ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریام دەکەوێت لەدەست ئەم جەستەیەم کە بۆ مردنە؟
25
سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات!
کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی شەریعەتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم.
  1. a. 7‏:7 دەرچوون 20‏:17 و دواوتار 5‏:21.‏‏