عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دەستەخوشکەکان
- 1
- دڵدارەکەت چووە کوێ،
 ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
 دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،
 هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟
- ئەویندار
- 2
- دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،
 بۆ ناو باخچەی بۆندار،
 هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و
 سەوسەن کۆبکاتەوە.
- 3
- من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،
 لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
- دڵدار
- 4
- یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی،
 وەک ئۆرشەلیم شیرینی،
 وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.
- 5
- چاوەکانت لەسەر من لابدە،
 چونکە بەرگەی ناگرم.
 قژت وەک ڕانە بزنە
 کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
- 6
- ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن
 کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
 هەموویان جووتن،
 هیچیان بە تەنها نین.
- 7
- گۆنات وەک لەتە هەنارە
 لە پشت پەچەکەتەوە.
- 8
- شەست شاژنن و
 هەشتا کەنیزەن،
 پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،
- 9
- بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە،
 کچە تاقانەی دایکییەتی،
 نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی.
 کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست
 شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.
- دەستەخوشکەکان
- 10
- ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان،
 جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ،
 وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟
- ئەویندار
- 11
- بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم
 بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ،
 بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
 هەناریش پشکوتووە؟
- 12
- پێش ئەوەی بزانم،
 گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.
- دەستەخوشکەکان
- 13
- ئەی شولەمیتی[a] ، بگەڕێوە، بگەڕێوە!
 بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین!
 بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن
 وەک سەمای مەحەنەیم[b] ؟
- a. 6:13 ناوی ناوچەیە.
- b. 6:13 مەحەنەیم: ناوی شارێک بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون. بڕوانە پەیدابوون 32:2.

