عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات،
2
بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە.
3
لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.
4
بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان:
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.
ڕاسپاردەی دانانی پیران 
5
لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[b] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت.
6
پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات.
7
لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت،
8
بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت.
9
دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
دژایەتی مامۆستا درۆزنەکان 
10
باسی ئەو شتانە دەکەم، چونکە خەڵکی یاخی زۆرن کە فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت.
11
دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە.
12
یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.»
13
ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕەکەدا دروست بن و
14
سەرنج نەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە.
15
بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە.
16
بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن و گوێڕایەڵ نین و بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
  1. a. 1‏:4 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. b. 1‏:5 دوورگەیەکە لە دەریای ناوەڕاست.‏