عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم. 
1
پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری 
2
«هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی
بە تەواوەتی دادەماڵم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3
«مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
باڵندەکانی ئاسمان و
ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا 
4
«دەستم بۆ سەر یەهودا و
بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
5
ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
هەروەها سوێند بە مۆلەخیش[a] دەخۆن،
6
لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
7
لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیکە.
یەزدان قوربانی ئامادە کردووە،
بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
8
لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
میران سزا دەدەم
هەروەها کوڕانی پاشا و
هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
9
لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،[c]
ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
لە ستەم و فێڵبازی.
10
یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا،
دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
11
ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش[d] بناڵێنن،
هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
12
لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
13
ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
ماڵیان وێران دەبێت.
ماڵ بنیاد دەنێن و
تێیدا دانانیشن؛
ڕەز دەچێنن و
لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
ڕۆژی گەورەی یەزدان 
14
«ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
15
ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
16
ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
لە دژی قوللە بەرزەکان.
17
«تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
هەناویشیان وەک زبڵ.
18
نە زیو و نە زێڕەکەیان
ناتوانن دەربازیان بکەن،
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.
«بە ئاگری ئیرەییەکەی[e]
هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»
  1. a. 1‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28‏:3.‏
  2. b. 1‏:7 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏
  3. c. 1‏:9 باز دەدەن: نەریتێکی بتپەرستانە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 5‏:5‏‏.‏
  4. d. 1‏:11 گەڕەکێک بووە لەناو بازاڕی گەورەی ئۆرشەلیم.‏
  5. e. 1‏:18 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏