عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ڕەتکردنەوەی شاول لە پاشایەتی
 - 1
 - ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت،
 - 2
 - یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای[a] عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە.
 - 3
 - ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە[b] ، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»
 - 4
 - جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە[c] و دە هەزار پیاوی یەهودا.
 - 5
 - ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد،
 - 6
 - بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.
 - 7
 - ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە.
 - 8
 - هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد.
 - 9
 - بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.
 - 10
 - ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی:
 - 11
 - «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.
 - 12
 - بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کارمەل[d]  و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»
 - 13
 - جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»
 - 14
 - بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»
 - 15
 - شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»
 - 16
 - ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»
ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.» - 17
 - ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟
 - 18
 - یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“
 - 19
 - ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»
 - 20
 - شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد.
 - 21
 - جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا[e] ، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»
 - 22
 - بەڵام ساموئێل گوتی:
«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان. - 23
 - یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[f] ،
کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.» - 24
 - ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد.
 - 25
 - ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»
 - 26
 - بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»
 - 27
 - کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا.
 - 28
 - ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە.
 - 29
 - هەروەها شکۆی[g]  ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»
 - 30
 - شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.»
 - 31
 - ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
 - 32
 - پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.»
ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.» - 33
 - بەڵام ساموئێل گوتی:
«وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد،
ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.»
ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد. - 34
 - پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا.
 - 35
 - ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.
 
- a. 15:2 مەبەست لە هێرشی عەمالێقییەکانە بۆ سەر گەلی ئیسرائیل کاتێک لە میسر دەرچوون. بڕوانە دەرچوون 17:14 و دواوتار 24:19.
 - b. 15:3 قڕی بکەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
 - c. 15:4 ئەو دوو سەد هەزارە لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بوون، جگە لە هۆزی یەهودا.
 - d. 15:12 کارمەل: مەبەست لە شاری کارمەلە لە باشووری ئیسرائیل، نەک کێوی کارمەل کە لە باکوورە.
 - e. 15:21 بڕوانە 15:3.
 - f. 15:23 فاڵگرتنەوە: بڕوانە بۆ نموونە حزقیێل 21:21.
 - g. 15:29 29 مەبەست لە خودایە.
 

