عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داود و گۆلیات 
1
ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا.
2
شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان.
3
جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.
4
پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک[a] بوو.
5
کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی[b] پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل[c] بڕۆنز بوو.
6
هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو،
7
دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل[d] ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
8
جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و با بۆم بێتە خوارەوە.
9
ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.»
10
ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.»
11
کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.
12
داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێت‌لەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو.
13
هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو.
14
داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون.
15
جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێت‌لەحم.
16
بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.
17
ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک[e] لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان،
18
ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە.
19
شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»
20
بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا.
21
جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز.
22
داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی.
23
کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو.
24
هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.
25
پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»
26
داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»
27
ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»
28
کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»
29
داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟»
30
ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە.
31
ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.
32
داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»
33
شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»
34
داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد،
35
من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت.
36
خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە.
37
یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.»
شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»
38
ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد.
39
داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە.
ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و
40
گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.
41
لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت.
42
کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو.
43
فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و
44
پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»
45
داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد.
46
ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە.
47
هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»
48
جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە.
49
داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.
50
بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.
51
ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە[f] ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە.
کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن.
52
دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن.
53
کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن.
54
داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.
55
کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
56
پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
57
کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
58
شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»
داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێت‌لەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»
  1. a. 17‏:4 شەش باڵ و بستێک: نزیکەی سێ مەتر.‏
  2. b. 17‏:5 زرێ: بەڕگێکی کانزاییە کە لە کاتی شەڕ دەپۆشرێت.‏
  3. c. 17‏:5 پێنج هەزار شاقل: نزیکەی 57 کیلۆگرام.‏
  4. d. 17‏:7 شەش سەد شاقل: نزیکەی7 کیلۆگرام.‏
  5. e. 17‏:17 نزیکەی 22 لیتر.‏
  6. f. 17‏:51 ‏یان کالان.‏