عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دواهەمین ساڵانی ئاسا 
1
لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
2
ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەن‌هەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت و گوتی:
3
«با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
4
بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم[a] و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت.
5
کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت.
6
ئاسای پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە.
7
لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست.
8
ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە،
9
چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»
10
ئاسا لەبەر ئەمە لە پێشبینیکەرەکە تووڕە بوو و بە جۆرێک لێی هەڵچوو کە خستییە زیندانەوە، هەروەها ئاسا لەو کاتەدا هەندێک کەسی لە گەلەکەی چەوساندەوە.
11
ڕووداوەکانی پاشایەتی ئاسا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
12
لە سی و نۆیەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا ئاسا پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون، هەتا نەخۆشییەکەی لێی پیس کرد، بەڵام لە نەخۆشییەکەشی داوای یەزدانی نەکرد، بەڵکو تەنها داوای یارمەتی لە پزیشکەکان کرد.
13
ئاسا لە چل و یەکەمین ساڵی پاشایەتییەکەی مرد و لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
14
لەسەر دارەمەیتێک[b] دایاننا کە پڕ بوو لە بۆنوبەرام و پێکهاتووی جۆراوجۆری بۆنخۆش بەپێی تێکەڵکردنەکەی. لەو گۆڕەی کە لە شاری داود بۆ خۆی هەڵکەندبوو ناشتیان و ئاگرێکی گەورەیان وەک ڕێزلێنان بۆ کردەوە.
  1. a. 16‏:4 ئابێل مایم هەروەها بە (ئابێلی بێت‌مەعکا) ناسراوە. بڕوانە دووەم ساموئێل 20‏:14‏‏.‏
  2. b. 16‏:14 یان دارەبازەیەک.‏