عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دواهەمین ساڵانی ئاسا
 - 1
 - لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
 - 2
 - ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەنهەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت و گوتی:
 - 3
 - «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
 - 4
 - بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم[a] و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت.
 - 5
 - کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت.
 - 6
 - ئاسای پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە.
 - 7
 - لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست.
 - 8
 - ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە،
 - 9
 - چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»
 - 10
 - ئاسا لەبەر ئەمە لە پێشبینیکەرەکە تووڕە بوو و بە جۆرێک لێی هەڵچوو کە خستییە زیندانەوە، هەروەها ئاسا لەو کاتەدا هەندێک کەسی لە گەلەکەی چەوساندەوە.
 - 11
 - ڕووداوەکانی پاشایەتی ئاسا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
 - 12
 - لە سی و نۆیەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا ئاسا پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون، هەتا نەخۆشییەکەی لێی پیس کرد، بەڵام لە نەخۆشییەکەشی داوای یەزدانی نەکرد، بەڵکو تەنها داوای یارمەتی لە پزیشکەکان کرد.
 - 13
 - ئاسا لە چل و یەکەمین ساڵی پاشایەتییەکەی مرد و لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.
 - 14
 - لەسەر دارەمەیتێک[b]  دایاننا کە پڕ بوو لە بۆنوبەرام و پێکهاتووی جۆراوجۆری بۆنخۆش بەپێی تێکەڵکردنەکەی. لەو گۆڕەی کە لە شاری داود بۆ خۆی هەڵکەندبوو ناشتیان و ئاگرێکی گەورەیان وەک ڕێزلێنان بۆ کردەوە.
 
- a. 16:4 ئابێل مایم هەروەها بە (ئابێلی بێتمەعکا) ناسراوە. بڕوانە دووەم ساموئێل 20:14.
 - b. 16:14 یان دارەبازەیەک.
 

