عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - هۆشێیەعی دواهەمین پاشای ئیسرائیل
 - 1
 - لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
 - 2
 - لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون.
 - 3
 - شەلمەنەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ،
 - 4
 - بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆی[a] پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشور ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنەسەر گرتی و زیندانی کرد.
 - 5
 - پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا.
 - 6
 - لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن.
 - بە دیل گرتنی ئیسرائیل بەهۆی گوناهەوە
 - 7
 - هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان[b] پەرست و
 - 8
 - بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد.
 - 9
 - نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا.
 - 10
 - لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند.
 - 11
 - لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد.
 - 12
 - ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.»
 - 13
 - یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»
 - 14
 - بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد.
 - 15
 - فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»
 - 16
 - وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست.
 - 17
 - کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.
 - 18
 - لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە،
 - 19
 - تەنانەت یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو.
 - 20
 - لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.
 - 21
 - کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن.
 - 22
 - نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا،
 - 23
 - هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن.
 - نیشتەجێکردنی خەڵکی بێگانە لە سامیرە
 - 24
 - ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
 - 25
 - لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن.
 - 26
 - هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.»
 - 27
 - پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.»
 - 28
 - ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێتئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن.
 - 29
 - لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان.
 - 30
 - جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛
 - 31
 - عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون.
 - 32
 - یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن.
 - 33
 - یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون.
 - 34
 - هەتا ئەمڕۆش لەسەر هەمان نەریتی پێشوویان دەڕۆن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل.
 - 35
 - کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن.
 - 36
 - بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن.
 - 37
 - بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن.
 - 38
 - ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن،
 - 39
 - بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.»
 - 40
 - بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد.
 - 41
 - ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش.
 
- a. 17:4 دەشێت (سۆ) کورتکراوەی ناوی پاشا ئۆسۆرکۆنی چوارەم بێت، کە لە ساڵی 730 یەوە هەتا 715 پ. ز. لە میسر پاشایەتی کرد.
 - b. 17:7 بڕوانە دواوتار 6:14.
 

