عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گەیشتنی هەواڵی مردنی شاول 
1
ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە.
2
لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.
3
داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»
4
داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.»
ئەویش گوتی:[a] «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»
5
داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»
6
گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون.
7
ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
8
«لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“
«منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“
9
«ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“
10
«منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»
11
داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون.
12
لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.
13
ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»
14
داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»
15
ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد.
16
لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»
لاواندنەوەی داود بۆ شاول و یۆناتان 
17
داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و
18
فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا[b] نووسراوە:
19
«ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.
20
«لە گەت ڕایمەگەیەنن،
لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن،
نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن،
نەوەک کچانی خەتەنەنەکراوان پێمان خۆش بن.
21
«ئەی چیاکانی گلبۆع،
با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت،
نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە،
چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە،
قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.
22
«لە خوێنی کوژراوان و
لە جەستەی پاڵەوانان
کەوانەکەی یۆناتان نەهاتەوە دواوە و
شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.
23
شاول و یۆناتان،
لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون،
لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە.
لە هەڵۆ تیژڕەوتر و
لە شێر بەهێزتر بوون.
24
«ئەی کچانی ئیسرائیل،
بۆ شاول بگریێن،
ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن،
ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.
25
«ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن!
یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.
26
یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا،
زۆر شیرین بوویت لەلام،
خۆشەویستی تۆ بۆ من
لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.
27
«ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
چەکەکانی جەنگ[c] لەناوچوون!»
  1. a. 1‏:4 ئەو گەنجە هەواڵەکەی شێواندووە، بۆ ڕاستی ڕووداوەکە بڕوانە یەکەم ساموئێل بەشی 31.‏
  2. b. 1‏:18 پەڕتووکی یاشار: بڕوانە یەشوع 10‏:13‏‏.‏
  3. c. 1‏:27 q چەکەکانی جەنگ مەبەستی لە شاول و یۆناتانە.‏