عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پیلانگێڕانی ئەبشالۆم
 - 1
 - لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد.
 - 2
 - هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.»
 - 3
 - ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.»
 - 4
 - هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.»
 - 5
 - هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد.
 - 6
 - ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا.
 - 7
 - پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم[a] بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو.
 - 8
 - خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“»
 - 9
 - پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن.
 - 10
 - ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردەوە و گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“»
 - 11
 - دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن.
 - 12
 - کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.
 - هەڵاتنی داود
 - 13
 - هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.»
 - 14
 - داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.»
 - 15
 - کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.»
 - 16
 - پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت.
 - 17
 - ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە.
 - 18
 - جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە.
 - 19
 - پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوور کەوتوویتەوە.
 - 20
 - تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»
 - 21
 - بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.»
 - 22
 - داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە.
 - 23
 - هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.
 - 24
 - سادۆق و هەموو لێڤییەکانیش لەگەڵی بوون و سندوقی پەیمانی خودایان هەڵگرتبوو، ئیتر سندوقەکەی خودایان دانا و ئەبیاتار قوربانی پێشکەش دەکرد، هەتا هەموو گەل لە شارەکە هاتنە دەرەوە.
 - 25
 - ئینجا پاشا بە سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگەڕێنەوە شارەکە. ئەگەر لەبەرچاوی یەزدان پەسەند بم، ئەوا دەمگەڕێنێتەوە و ڕێگام دەدات سندوقەکە و نشینگەکەشی ببینم.
 - 26
 - ئەگەر یەزدانیش فەرمووی: ”من پێت دڵشاد نەبووم،“ من ئەوەتام، با خۆی چی بەلاوە باشە ئەوە بکات.»
 - 27
 - هەروەها پاشا بە سادۆقی کاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیکەر نیت؟ بە سەلامەتی بگەڕێوە شارەکە، خۆت و ئەحیمەعەچی کوڕت و یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاریش، هەردوو کوڕەکانتان لەگەڵتاندا.
 - 28
 - تەماشا بکەن، من لە تەنکاوەکە بەرەو چۆڵەوانی ناپەڕمەوە و ئۆقرە دەگرم، هەتا پەیامێک لەلای ئێوەوە دێت و پێم ڕادەگەیەنن.»
 - 29
 - ئیتر سادۆق و ئەبیاتار سندوقی خودایان گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و لەوێ مانەوە.
 - 30
 - بەڵام داود بە هەورازەکەی کێوی زەیتووندا سەرکەوت، سەردەکەوت و دەگریا، سەری داپۆشی بوو و بەپێی پەتی دەڕۆیشت، هەموو گەلیش کە لەگەڵی بوون هەرکەسە و سەری خۆی داپۆشی بوو، بە گریانەوە سەردەکەوتن.
 - 31
 - پێشتر بە داود ڕاگەیەنرابوو: «ئەحیتۆفەل لەگەڵ ئەبشالۆم لەنێو پیلانگێڕەکاندایە.» ئیتر داودیش لە یەزدان پاڕایەوە: «ئەی یەزدان، تکایە ڕاوێژی ئەحیتۆفەل بکە بە گێلایەتی.»
 - 32
 - کاتێک داود گەیشتە سەر لووتکەکە، شوێنی خواپەرستی، بینی وا حوشەی ئەرکی چاوەڕێی دەکات. جلەکەی دڕاوە و سەری تۆزاوییە.
 - 33
 - داودیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بپەڕیتەوە بەسەرمەوە دەبیتە بار.
 - 34
 - بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە شار و بە ئەبشالۆم بڵێیت: ”ئەی پاشا، من دەبمە خزمەتکاری تۆ، لەمێژە خزمەتکاری باوکت بوومە، ئێستاش دەبمە خزمەتکاری تۆ،“ بەوە یارمەتیم دەدەی لە پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژی ئەحیتۆفەل.
 - 35
 - ئایا هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار لەوێ لەگەڵتدا نابن؟ ئەوەی لە کۆشکی پاشا دەیبیستیتەوە بە هەردوو کاهینەکە ڕابگەیەنە، سادۆق و ئەبیاتار.
 - 36
 - هەردوو کوڕەکەیان لەوێ لەگەڵیاندان، ئەحیمەعەچی سادۆق و یۆناتانی ئەبیاتار، هەموو ئەو شتانەی گوێتان لێی دەبێت بەواندا بۆ منی بنێرن.»
 - 37
 - ئینجا حوشەی هاوڕێی داود هاتە شارەکە، لەو کاتەی ئەبشالۆم دەهاتە ناو ئۆرشەلیم.
 
- a. 15:7 واتا پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.
 

