عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سروودی داود بۆ ستایشی خودا
- 1
- داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.
- 2
- گوتی:
 «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
- 3
- خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
 قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
 پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
 لە ستەم ڕزگارم دەکات.
- 4
- «لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
 لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
- 5
- چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
 لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
- 6
- پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
 داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
- 7
- «لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
 هاوارم بردە بەر خودام،
 لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
 گوێی لە هاوارم بوو.
- 8
- ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
 بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
 لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
- 9
- دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
 ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
 وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
- 10
- ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،
 هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
- 11
- سواری کەڕوب[a]  بوو و فڕی،
 بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
- 12
- تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
 هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
- 13
- لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
 پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
- 14
- یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
 ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
- 15
- تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
 بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
- 16
- بنی دەریا دەرکەوت،
 بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
 لە سەرزەنشتی یەزدان،
 لە گەرمی هەناسەی لووتی.
- 17
- «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
 لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
- 18
- لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
 لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
- 19
- لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
 بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
- 20
- منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
 ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
- 21
- «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
 بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
- 22
- چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
 لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
- 23
- هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
 لە فەرزەکانی لام نەداوە.
- 24
- لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
 خۆم لە گوناه پاراستووە.
- 25
- یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
 بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
- 26
- «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
 لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
- 27
- لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
 بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
- 28
- تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
 بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
- 29
- ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
 یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
- 30
- بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
 لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
- 31
- «ڕێبازی خودا تەواوە،
 بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
 ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
- 32
- لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
 لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
- 33
- خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
 بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
- 34
- پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
 لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
- 35
- مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
 تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
- 36
- تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
 هاوکاریت گەورەم دەکات.
- 37
- جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
 تاکو پێم نەخلیسکێت.
- 38
- «دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن،
 هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
- 39
- لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
 لەژێر پێم کەوتن.
- 40
- کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
 وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
- 41
- دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
 من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
- 42
- هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
 هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
- 43
- وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
 وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
- 44
- «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
 تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
 گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
- 45
- بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
 هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
- 46
- بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
 بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
- 47
- «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
 خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
- 48
- خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
 گەلان ملکەچی من دەکات،
- 49
- لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
 پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
 لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
- 50
- لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
 گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
- 51
- «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
 خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
 بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»
- a. 22:11 کەڕوب: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10:5.

