عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - باوەڕی سەرپەلێک
 - 1
 - لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم.
 - 2
 - سەرپەلێک[a] کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو.
 - 3
 - کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە.
 - 4
 - ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت،
 - 5
 - چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.»
 - 6
 - عیساش لەگەڵیان چوو.
بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، - 7
 - لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە،
 - 8
 - چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
 - 9
 - کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.»
 - 10
 - ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.
 - زیندووکردنەوەی مردوو
 - 11
 - بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون.
 - 12
 - کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو.
 - 13
 - کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.»
 - 14
 - ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە[b] دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!»
 - 15
 - مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی.
 - 16
 - هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!»
 - 17
 - ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
 - عیسا و یەحیا
 - 18
 - قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و
 - 19
 - ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
 - 20
 - پیاوەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“»
 - 21
 - لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە کوێرەکان بەخشی.
 - 22
 - ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.
 - 23
 - خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»
 - 24
 - کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟
 - 25
 - ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین.
 - 26
 - ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.
 - 27
 - یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:
«﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾[c] - 28
 - من پێتان دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.»
 - 29
 - هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون.
 - 30
 - بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.
 - 31
 - عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟
 - 32
 - لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن:
«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
شینمان بۆ گێڕان و نەگریان.“ - 33
 - یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“
 - 34
 - کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“
 - 35
 - بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»
 - لێخۆشبوون و خۆشەویستی
 - 36
 - یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت.
 - 37
 - لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی[d] بۆنی هێنا،
 - 38
 - لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.
 - 39
 - ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»
 - 40
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.»
گوتی: «بفەرموو مامۆستا.» - 41
 - «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار[e] ، ئەوەی دیکەیان پەنجا.
 - 42
 - هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»
 - 43
 - شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.»
پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.» - 44
 - ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە.
 - 45
 - تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە.
 - 46
 - تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد.
 - 47
 - لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت[f] . بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»
 - 48
 - ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»
 - 49
 - ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»
 - 50
 - عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»
 
- a. 7:2 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.
 - b. 7:14 دارەبازە.
 - c. 7:27 مەلاخی 3:1
 - d. 7:37 لە بەردی ئەلەباستەر دروستکرابوو، ئەم جۆرە بەردە لە میسر هەیە بۆ تاشین ئاسانە و ڕەنگەکەی قاوەییە.
 - e. 7:41 یەک دینار کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.
 - f. 7:47 خۆشەویستی ئافرەتەکە لە ئەنجامی لێخۆشبوونی گوناهەکانی بوو.
 

