عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دارێک لە خەونی نەبوخودنەسر 
1
لە نەبوخودنەسری پاشاوە،
بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن:
هەر سەرکەوتوو بن!
2
بە باشم زانی ئەو نیشانە و پەرجووانە[a] ڕابگەیەنم کە خودای هەرەبەرز لەگەڵ مندا کردی.
3
نیشانەکانی چەند گەورەن و
کارە پەرجووەکانی چەند بەهێزن!
پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و
دەسەڵاتیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
4
من نەبوخودنەسرم، لە ماڵەکەم بێ خەم بووم و لەناو کۆشکەکەمدا ئاسوودە بووم.
5
خەونێکم بینی منی ترساند، کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەو شتانەی بە مێشکمدا هاتن و بینینەکەم منیان تۆقاند.
6
ئینجا فەرمانم کرد هەموو داناکانی بابل بهێننە بەردەمم بۆ لێکدانەوەی خەونەکەم.
7
کاتێک جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوە هاتن، خەونەکەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام نەیانزانی لێکی بدەنەوە.
8
لە کۆتاییدا دانیال هاتە بەردەمم، ئەوەی ناوی بێلتەشەسرە، کە ناوی خوداوەندەکەمە، ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانی تێدایە، خەونەکەم بۆی گێڕایەوە.
9
گوتم: «بێلتەشەسر، گەورەی جادووگەران، لەبەر ئەوەی کە دەزانم ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە، هیچ نهێنییەک بۆ تۆ قورس نییە. ئەوە خەونەکەمە، بۆم لێکبدەوە.
10
کە لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، ئەم بینینانەم بۆ ئاشکرا کرا: تەماشام کرد، لەبەردەمم دارێکی زۆر بەرز لە ناوەڕاستی خاکەکەیە.
11
دارەکە گەشەی کرد و بەهێز بوو، بەرزی گەیشتە ئاسمان، لەوپەڕی زەوی دەبینرا.
12
گەڵاکانی جوان بوو، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو. گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر سێبەرەکەیدا بوون، باڵندەکانی ئاسمان لە لقەکانیدا نیشتەجێ بوون، هەموو بوونەوەر لێیان خوارد.
13
«لەو بینینانەی بۆم ئاشکرا کران کاتێک لەناو نوێنەکەم ڕاکشابووم، تەماشام کرد، فریشتەیەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە.
14
بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ”دارەکە ببڕنەوە و لقەکانی بشکێنن، گەڵاکانی بوەرێنن و بەرەکەی پەرتوبڵاو بکەنەوە. با گیانلەبەران لە ژێری و باڵندە لە لقەکانی هەڵبێن.
15
بەڵام با بنەدارەکە و ڕەگەکەی کە بە ئاسن و بڕۆنز بەستراون لەناو گژوگیای زەوی بمێننەوە.
«”با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ گیانلەبەران لەنێو گژوگیای زەوی بژیێت.
16
با مێشکی لە مرۆڤەوە بگۆڕێت و مێشکی ئاژەڵی بدرێتێ، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.[b]
17
«”ئەو بڕیارە لەلایەن فریشتەکانەوە ڕاگەیەنرا، ئەو حوکمە بە پیرۆزەکان دراوە، بۆ ئەوەی زیندووان بزانن کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتدارە بەسەر پاشایەتی مرۆڤدا، هەروەها دەیداتە هەر یەکێک بیەوێت، پایە نزمترین کەسی لەسەر دادەنێت.“
18
«من نەبوخودنەسر پاشام، ئەم خەونەم بینی. ئێستا تۆ ئەی بێلتەشەسر، لێکی بدەوە، چونکە هەموو دانایانی پاشایەتییەکەم ناتوانن بۆمی لێک بدەنەوە. بەڵام تۆ دەتوانیت، چونکە ڕۆحی خوداوەندە پیرۆزەکانت تێدایە.»
دانیال خەونەکە لێک دەداتەوە 
19
لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.»
بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە!
20
ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا،
21
گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون.
22
ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی.
23
«ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراوەتەوە، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“
24
«ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت:
25
لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.
26
ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتا پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە.
27
ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.»
هاتنە دی خەونەکە 
28
هەموو ئەم شتانە بەسەر نەبوخودنەسری پاشادا هات.
29
پاش دوازدە مانگ کاتێک لە سەربانی کۆشکی پاشایەتی بابلدا هاتوچۆی دەکرد،
30
پاشا گوتی: «ئایا ئەمە بابلی مەزن نییە کە بۆ ماڵی پاشایەتی بە هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شکۆمەندی خۆم بنیادم نا؟»
31
هێشتا وشەکە لە دەمی پاشادا بوو، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات و گوتی: «ئەی نەبوخودنەسری پاشا، بڕیار لەسەر تۆ دراوە: پاشایەتیت لێ دەستێنرێتەوە.
32
لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت. حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.»
33
هەر لەو کاتەدا کارەکە بەسەر نەبوخودنەسردا جێبەجێ بوو. لەنێو خەڵک دەرکرا و وەک گا گیای خوارد. لاشەکەی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو هەتا مووی وەک پەڕی هەڵۆ درێژ بوو و نینۆکەکانی وەک باڵندە.
34
لە کۆتایی ماوەکەدا، من نەبوخودنەسرم، چاوم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و هۆشم گەڕایەوە. ئینجا سوپاس و ستایشی هەرەبەرزەکەم کرد و شکۆدارم کرد کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە.
دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتی هەتاهەتاییە و
پاشایەتییەکەی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
35
هەموو دانیشتووانی زەوی
وەک هیچ دانراون.
ئەو بە خواستی خۆی دەکات
لەگەڵ هێزەکانی ئاسمان و
دانیشتووانی زەوی.
کەس نییە دەستی بگرێت
یان پێی بڵێت، «چی دەکەیت؟»
36
لەو کاتەدا هۆشم گەڕایەوە، شانازی پاشایەتییەکەم بۆم گەڕایەوە لەگەڵ شکۆمەندی و گەورەییم. ڕاوێژکاران و گەورە پیاوەکانم داوایان کردمەوە، لەسەر پاشایەتییەکەم جێگیر بووم و گەورەییم زۆر زیادی کرد.
37
ئێستاش من نەبوخودنەسرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان دەکەم و شکۆداری دەکەم، ئەوەی هەموو کارەکانی ڕاستن و ڕێگاکانی دادپەروەرن، ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە هەڵسوکەوت بکەن ئەو دەتوانێت زەلیلیان بکات.
  1. a. 4‏:2 پەرجوو: موعجیزە.‏
  2. b. 4‏:16 ئارامی: حەوت کاتی بەسەردا تێبپەڕێت.‏