عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمانی بەڕێکەوتن لە حۆرێڤەوە 
1
ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا[a] ، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ.
2
(لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژەیە.)
3
لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
4
ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی.
5
موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی:
6
یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون،
7
ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی[b] خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتا ڕووباری فورات.
8
بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بەوان و نەوەکانی دواتریان بدات.»
دانانی دادوەرەکان 
9
لەو کاتەدا لەگەڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم بە تەنها بارتان هەڵبگرم،
10
یەزدانی پەروەردگارتان زۆری کردوون و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێوە وەک ئەستێرەی ئاسمانن لە زۆریدا.
11
با یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان هەزار قات زیاترتان بکات و بەرەکەتدارتان بکات، هەروەک بەڵێنی پێدان،
12
بەڵام چۆن بە تەنها قورسایی و بارگرانی و ناکۆکییەکانتان هەڵبگرم؟
13
لە هۆزەکانتان پیاوی دانا و تێگەیشتوو و ڕێزدار هەڵبژێرن و لەسەرتان دایاندەنێم.»
14
ئێوەش وەڵامتان دامەوە و گوتتان، «ئەوەی گوتت باشە، با بیکەین.»
15
جا پیاوە گەورەکانی هۆزەکانی ئێوەم برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئەوانم کرد بە سەرۆک بەسەرتانەوە، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان و کوێخاکان بۆ هۆزەکانتان.
16
لەو کاتەشدا فەرمانم بە دادوەرەکانتان کرد و گوتم: «گوێ لە داوا و سکاڵای گەلەکەتان بگرن و بە ڕاستودروستی دادوەرییان بکەن، جا چ داواکە لەنێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان لەنێوان ئیسرائیلییەک و نامۆیەکدا بێت.
17
لە دادوەریدا لایەنگری مەکەن، وەک یەک گوێ لە گەورە و بچووک بگرن، لە کەس مەترسن، دادوەریکردن هی خودایە و ئەو داوایانەی بۆتان زەحمەت بێت، ئەوا بۆ منی دەهێنن هەتا گوێم لێی بێت.»
18
لەو کاتەشدا فەرمانم پێکردن سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەن.
سیخوڕی خاکەکە 
19
ئینجا لە حۆرێڤ کۆچمان کرد و ئەو چۆڵەوانییە مەزنە ترسناکەمان گرتەبەر کە لە ڕێگای ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان بینیتان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردین و هاتین هەتا قادێش بەرنێعە.
20
پێم گوتن: «ئەوا هاتنە ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان کە یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات.
21
بڕوانن! یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەی لەبەردەمتان داناوە، سەربکەون و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێی فەرموون. مەترسن و ورە بەرمەدەن.»
22
جا هەمووتان هاتنە لای من و گوتتان: «با چەند پیاوێک لەپێش خۆمان بنێرین بۆ ئەوەی سیخوڕیەتی خاکەکەمان بۆ بکەن و هەواڵی ئەو ڕێگایەمان بۆ بهێننەوە کە پێیدا دەڕۆین و ئەو شارۆچکانەی بۆی دەچین.»
23
ئەو قسەیەم بەلاوە باش بوو، دوازدە پیاوم لێ دەرهێنان، لە هەر هۆزێک پیاوێک.
24
جا چوون و سەرکەوتنە سەر ناوچە شاخاوییەکە و هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و سیخوڕییان کرد و
25
لەگەڵ دەستیان لە بەروبوومی خاکەکەیان بۆ هێناینەوە و هەواڵیان پێ ڕاگەیاندینەوە و گوتیان: «ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات، باشە.»
یاخیبوون لە قسەی یەزدان 
26
بەڵام ئێوە ڕازی نەبوون سەربکەون و لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و
27
لەناو چادرەکانتان کەوتنە بۆڵەبۆڵ و گوتتان: «یەزدان ڕقی لە ئێمەیە لەبەر ئەوە ئێمەی لە خاکی میسر دەرهێنا هەتا بمانداتە دەستی ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن.
28
بۆ کوێ سەردەکەوین؟ براکانمان ورەیان ڕووخاندین و گوتیان: ”گەلێکی لە ئێمە مەزنتر و باڵا بەرزترن، شارەکان مەزن و شوورادارن هەتا ئاسمان، هەروەها لەوێ نەوەی عەناقمان[c] بینی.“»
29
منیش پێم گوتن: «مەتۆقن و لێیان مەترسن.
30
یەزدانی پەروەردگارتان کە لەپێشتانەوە دەڕوات، ئەو بۆتان دەجەنگێت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەپێش چاوتان لە میسر بۆی کردن،
31
هەروەها لە دەشتودەر کە بینیتان چۆن یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیگرتن هەروەک باوک کوڕەکەی هەڵدەگرێت، لە هەموو ئەو ڕێگایەی گرتتانەبەر هەتا هاتنە ئەم شوێنە.»
32
لەگەڵ ئەوەشدا بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان نەبوو،
33
ئەوەی لە ڕێگا لەپێشتانەوە چوو هەتا شوێنێکتان بۆ بدۆزێتەوە بۆ چادرهەڵدانتان، لە شەودا لەناو ئاگردا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایەتان پیشان بدات کە پێیدا دەڕۆن و لە ڕۆژیشدا لەناو هەور.
34
جا یەزدان گوێی لە دەنگی قسەکانتان بوو، تووڕە بوو و سوێندی خوارد و فەرمووی:
35
«هیچ کەسێک لەم خەڵکە لەم نەوە بەدکارە ئەو خاکە چاکە نابینێت کە سوێندم خوارد بیدەم بە باوباپیرانتان،
36
تەنها کالێبی کوڕی یەفونە نەبێت، ئەو دەیبینێت و ئەو خاکە دەدەمە ئەو کە پێی لێناوە و دەیدەمە کوڕەکانیشی، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدان کەوت.»
37
بەهۆی ئێوەوە یەزدان لە منیش تووڕە بوو و فەرمووی: «تۆش بۆ ئەوێ ناچیت.
38
یەشوعی کوڕی نون کە لەبەردەمت وەستاوە دەچێتە ئەوێ، هانی بدە، چونکە خاکەکە وەک میرات بۆ ئیسرائیل دابەش دەکات،
39
بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە دیل و کوڕەکانتان ئەوانەی هەتا ئەمڕۆ چاکە و خراپەیان نەزانیوە، ئەوان دەچنە ئەوێ و دەیدەمە ئەوان و ئەوان دەستی بەسەردا دەگرن،
40
بەڵام ئێوە ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن بۆ دەشتودەر، لەسەر ڕێگای دەریای سوور[d]
41
جا وەڵامتان دایەوە و بە منتان گوت: «گوناهمان سەبارەت بە یەزدان کرد، ئێمە دەچین و دەجەنگین هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی بە ئێمە کردووە.» بۆیە هەریەکەتان خۆی بە چەک و تفاقی جەنگ بەست، واتانزانی سەرکەوتن بۆ ناوچەی شاخاوییەکە ئاسانە!
42
بەڵام یەزدان پێی فەرمووم، «پێیان بڵێ: ”مەڕۆن و مەجەنگن، چونکە من لەگەڵتان نابم، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن.“»
43
جا قسەم لەگەڵ کردن و گوێتان نەگرت، بەڵکو لە فەرمانی یەزدان یاخی بوون و لووت بەرز بوون و بۆ ناوچەی شاخاوییەکە سەرکەوتن.
44
جا ئەمۆرییەکانی دانیشتووی ئەو شاخانە پەلاماریان دان و دەریانپەڕاندن، هەروەک پوورە هەنگی کێوی دەیکات و لە سێعیرەوە تێکیان شکاندن هەتا حۆرما.
45
ئینجا گەڕانەوە و گریان لەبەردەم یەزدان، بەڵام یەزدان گوێی لە دەنگتان نەگرت و گوێی بۆ شل نەکردن.
46
ماوەیەکی درێژ لە قادێش دانیشتن بە قەد ئەو ڕۆژانەی تێیدا مانەوە.
  1. a. 1‏:1 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏
  2. b. 1‏:7 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.‏
  3. c. 1‏:28 نەوەی عەناق: خەڵکێکی زەبەلاح بوون و لەبەر توانای جەستەییان لە جەنگدا ترسناک بوون. بڕوانە سەرژمێری 13‏:22‏‏.‏
  4. d. 1‏:40 عیبری \+tl سوف‏\+tl* واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏‏.‏