عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان 
1
هەر حەوت ساڵ جارێک، لە قەرزەکانتان خۆش بن.
2
ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە.
3
لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە.
4
هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە بێگومان یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن،
5
ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن.
6
یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.
7
ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن،
8
بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستی بە قەرزە بیدەنێ.
9
ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە.
10
بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن.
11
لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»
ئازادکردنی خزمەتکار 
12
ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت.
13
کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت.
14
بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت[a] و گوشەرەکەتی[b] پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت.
15
لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.
16
بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە،
17
ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.
18
بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.
نۆبەرە ئاژەڵەکان 
19
هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە.
20
ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت.
21
بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە،
22
لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن.
23
بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.
  1. a. 15‏:14 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  2. b. 15‏:14 گوشەرەکەتی: بەرهەمەکەی ئاوی ترێیە، بڕوانە سەرژمێری 18‏:27‏‏.‏