عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جەژنی پەسخە 
1
مانگی ئاڤیڤ بپارێزن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، چونکە لە مانگی ئاڤیڤدا یەزدانی پەروەردگارتان بە شەو لە میسر دەریهێنان.
2
جا لە جەژنی پەسخە مانگا و مەڕ بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەردەبڕن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
3
هیچ نانێکی بە هەویرترشی[a] لەگەڵ نەخۆن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن، نانی تەنگانە، چونکە بە پەلە لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە، هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانتان، ڕۆژی هاتنەدەرەوەتان لە خاکی میسر لە یاد بێت.
4
لە هەموو سنوورەکانتان نابێت هەویرترش ببینرێت بۆ حەوت ڕۆژ و نابێت هیچ لەو گۆشتەی ئێوارە کە ڕۆژی یەکەم سەری دەبڕن بۆ بەیانی بمێنێتەوە.
5
بۆتان نییە قوربانی جەژنی پەسخە لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان سەرببڕن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ،
6
بەڵکو لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، لەوێ قوربانی پەسخە سەردەبڕن لە ئێوارە، دەمەو خۆر ئاوابوون، لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانەی هاتنەدەرەوەتان لە میسر.
7
لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، لێی دەنێن و دەیخۆن و ئینجا بۆ بەیانی دەگەڕێنەوە چادرەکانتان.
8
شەش ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و ڕۆژی حەوتەمیش ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێکی تێدا ناکەن.
جەژنی هەفتەکان 
9
حەوت هەفتە دەژمێرن بۆ خۆتان، لە دەستپێکردنی دروێنەی دەغڵ دەستپێدەکەن.
10
جەژنی هەفتەکان[b] بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەگێڕن، بەگوێرەی ئەوەی لە دەستتان دێتەدەر بەخشینێکی ئازاد دەبەخشن، وەک ئەوەندەی یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون.
11
جا خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکانتانن و ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لەنێوتانن لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت.
12
لە یادتان بێت ئێوەش لە میسر کۆیلە بوون، بۆیە ئەو فەرزانە بەجێدەهێنن و پەیڕەویان دەکەن.
جەژنی کەپرەشینە 
13
حەوت ڕۆژان جەژنی کەپرەشینە بۆ خۆتان دەکەن، کاتێک بەرهەم لە جۆخین و گوشەرەکەتان[c] کۆدەکەنەوە.
14
جا بە جەژنەکەتان خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی لە شارۆچکەکانتاندان دڵخۆش دەبن.
15
حەوت ڕۆژان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان جەژن دەگێڕن لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو بەروبوومێک و لە هەموو کردارێکی دەستتان، جا بێگومان دڵخۆش دەبن.
16
سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە دەبن، لەو شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت: لە جەژنی فەتیرە و جەژنی هەفتەکان و جەژنی کەپرەشینە. نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەم یەزدان ئامادە بن،
17
بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت، هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.
دادوەران 
18
دادوەران و کوێخاکان بۆ خۆتان دادەنێن لە هەموو شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات بەگوێرەی هۆزەکانتان، جا ئەوانیش دادوەرییەکی ڕاستودروست بۆ گەل دەکەن.
19
دادوەری خوار مەکەنەوە و لایەنگری کەس مەکەن و بەرتیل وەرمەگرن، چونکە بەرتیل چاوی داناکان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.
20
دادوەری پەیڕەو دەکەن و تەنها دادوەری، هەتا بژین و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات.
پەرستنی خودایەکی دیکە 
21
هیچ ستوونە ئەشێرایەک لە هیچ دارێک بۆ خۆتان ناچێنن لەتەنیشت قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە بۆ خۆتان دروستی دەکەن،
22
هیچ بەردێکی تەرخانکراو بۆ خۆتان ڕامەگرن، ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ڕقی لێیەتی.
  1. a. 16‏:3 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.‏
  2. b. 16‏:10 جەژنی هەفتەکان، هەروەها وەک جەژنی دروێنەش ناسراوە (بڕوانە دەرچوون 23‏:16‏‏)، 50 ڕۆژ دوای جەژنی فەتیرە بووە، کە دەکاتە حەوت هەفتە.‏
  3. c. 16‏:13 گوشەرەکەتان: بەرهەمەکەی ئاوی ترێیە، بڕوانە سەرژمێری 18‏:27‏‏.‏