عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
 با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
- 2
- فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
 وشەم وەک شەونم دەتکێت،
 وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
 وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.
- 3
- ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
 مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
- 4
- خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
 چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
 خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە،
 ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.
- 5
- لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
 چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
 نەوەیەکی چەوت و خوارن.
- 6
- ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
 ئەی گەلی گێل و نادانا؟
 ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
 ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟
- 7
- یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
 لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
 لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
 لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
- 8
- کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
 کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
 سنووری بۆ گەلان دانا،
 بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
- 9
- بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
 یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.
- 10
- لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
 لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
 دەوری دا و بایەخی پێیدا،
 وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
- 11
- وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
 لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
 باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
 لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
- 12
- ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
 هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.
- 13
- سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
 لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
 لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
 زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
- 14
- دەڵەمە[a]  و شیری مەڕوماڵات،
 لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
 بەرانی باشان و تەگە[c] ،
 لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
 تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.
- 15
- یەشوروون[d]  قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
 قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[e] داپۆشران.
 ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
 تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
- 16
- ئیرەییان[f]  وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
 بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
- 17
- بۆ بتەکان[g]  کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
 چەند خودایەک نەیانناسیون،
 تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
 کە باوکانتان لێیان نەترساون.
- 18
- ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
 ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.
- 19
- جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
 لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
- 20
- فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
 سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
 ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
 ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
- 21
- ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
 بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
 منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
 بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
- 22
- بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
 گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
 زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
 بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.
- 23
- «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
 تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
- 24
- کاتێک لە برسان کەوتوون،
 پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
 ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
 لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
- 25
- لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
 لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
 کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
 منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
- 26
- فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
 یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
- 27
- بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
 کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
 نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
 یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»
- 28
- ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
 کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
- 29
- خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
 کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
- 30
- چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
 دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
 ئەگەر تاشەبەردەکەیان[h] ئەوانی نەفرۆشتبێت[i] ،
 یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
- 31
- لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[j]  نییە،
 تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
- 32
- مێویان لە مێوی سەدۆمە و
 ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
 ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
- 33
- شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
 تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.
- 34
- «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
 لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
- 35
- تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
 لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
 چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
 چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»
- 36
- یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
 لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
 کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
 نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
- 37
- خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
 ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
- 38
- ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
 شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
 با بێن و یارمەتیتان بدەن،
 با پارێزگاریتان لێ بکەن!
- 39
- «ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
 هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
 من دەمرێنم و دەژیێنم،
 بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
 کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
- 40
- من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
 بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
- 41
- کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
 بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
 تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
 ناحەزانم سزا دەدەم.
- 42
- تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
 شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
 لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
 لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»
- 43
- ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
 چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
 لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
 کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.
- 44
- جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.
- 45
- کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،
- 46
- پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.
- 47
- تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
- موسا لەسەر چیای نیبۆ دەمرێت
- 48
- یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:
- 49
- «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.
- 50
- لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،
- 51
- لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.
- 52
- لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»
- a. 32:14 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.
- b. 32:14 دوگ یان دونگ.
- c. 32:14 نێری، سابرێن.
- d. 32:15 یەشوروون بە واتای سەرڕاست یان دادپەروەر دێت، وەکو نازناوێک بۆ گەلی ئیسرائیل بەکارهاتووە.
- e. 32:15 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 38.
- f. 32:16 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
- g. 32:17 بتەکان: بە واتای ڕۆحە پیسەکان.
- h. 32:30 تاشەبەردەکەیان: ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە. بڕوانە ئایەتی 4.
- i. 32:30 نەفرۆشتبێت: مەبەستی سزادانیانە لەبەر شکاندنی پەیمانەکەیان. بڕوانە ئایەتەکانی 18 و 19.
- j. 32:31 تاشەبەردی ئێمە: مەبەستی لە یەزدانە.

