عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مردنی موسا 
1
ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نیبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و
2
هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و
3
نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،
4
یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»
5
جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.
6
یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.
7
موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵ بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.
8
جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.
9
یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
10
جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،
11
لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.
12
هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە مەزن و سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.