عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات،
 کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.
- 2
- دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات،
 دڵی گێلیش مەیلی ڕێی چەوت دەکات.
- 3
- کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات
 گێلی لێ دەبارێت،
 ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.
- 4
- ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا،
 شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە،
 چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.
- 5
- خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم،
 وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا:
- 6
- گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و
 دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.
- 7
- بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و
 میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.
- 8
- ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
 ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.
- 9
- ئەوەی بەرد هەڵبکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت،
 ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.
- 10
- ئەگەر تەور کول بێت و
 دەمی تیژ نەکرێت،
 هێزی زیاتری دەوێت،
 بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.
- 11
- ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات،
 ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.
- 12
- قسەی زاری دانا شیرینە،
 بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.
- 13
- سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە،
 لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.
- 14
- گێل زۆر قسە دەکات.
 مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و
 کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت
 کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟
- 15
- ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات،
 بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.
- 16
- قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و
 میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.
- 17
- خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و
 میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن،
 بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.
- 18
- بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و
 بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.
- 19
- بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و
 شەرابیش ژیان خۆش دەکات،
 بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.
- 20
- تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە،
 لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە،
 چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و
 باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.

