عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت
لە سەردەمی گەنجیێتیت،
پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت
یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:
«خۆشییان تێدا نابینم،»
2
پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و
ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،
پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
3
ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،
پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،
ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،
تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
4
کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و
دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛
ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،
هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
5
ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و
لە ڕێگا تۆقیون،
کە بادەم چرۆ دەکات و
کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و
هیچ ئارەزوو نامێنێت.
ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و
شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
6
لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و
قاپی زێڕین بشکێت؛
پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،
یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
7
خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،
ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.
8
وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان!
هەموو شتێک بێ واتایە!»
دەرئەنجامی بابەتەکە 
9
سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.
10
وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.
11
وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە[a] دراون.
12
ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە.
دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.
13
هەموو شت ئێستا بیستراوە و
دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:
لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،
چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
14
خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات،
بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە،
جا چاک بێت یان خراپ.

  1. a. 12‏:11 مەبەستی لە خودایە.‏