عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دانایی
 - 1
 - ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و
ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون. - 2
 - چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە
لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،
چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،
زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە. - 3
 - وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،
چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە. - 4
 - دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و
دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە. - 5
 - گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە
لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان، - 6
 - چونکە پێکەنینی پیاوی گێل،
وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا.
ئەمەش هەر بێ واتایە. - 7
 - زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و
بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات. - 8
 - کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،
پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە. - 9
 - لە ناخەوە زوو پەست مەبە،
چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە. - 10
 - مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»
چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت. - 11
 - دانایی باشە وەک میرات و
بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن. - 12
 - دانایی پەناگایە
وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،
بەڵام ئەمە سوودی زانینە:
دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی. - 13
 - تەماشای کاری خودا بکە:
کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە
ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟ - 14
 - لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە،
بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە
خودا هەردووکیانی دروستکردووە.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک
سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە. - 15
 - لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:
کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،
خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات. - 16
 - زۆر ڕاستودروست مەبە و
زیاد دانا مەبە.
بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟ - 17
 - زۆر بەدکار مەبە و
مەبە بە گێل.
بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟ - 18
 - باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و
دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت،
چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات. - 19
 - دانایی دانا بەهێزتر دەکات
لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن. - 20
 - بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،
کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات. - 21
 - هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،
نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات، - 22
 - چونکە دڵت دەزانێت
کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە. - 23
 - هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم:
«دانا دەبم،»
کەچی لێم دوور بوو. - 24
 - ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛
کێ دەیدۆزێتەوە؟ - 25
 - هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و
گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،
لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و
گێلایەتیش شێتییە. - 26
 - من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە
ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،
دەستەکانیشی کۆتن.
ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،
بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت. - 27
 - وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:
«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە، - 28
 - لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و
جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،
پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:
”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،
بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“ - 29
 - تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:
خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،
بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.» 

