عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین 
1
کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە،
2
لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
3
بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە،
4
نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن.
5
بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە.
6
کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
7
بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
8
پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین،
9
چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،
10
هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
11
بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن،
12
چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە.
13
بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت،
14
چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت:
«ئەی نوستوو هەستە،
لەنێو مردووان هەستەوە،
مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»[a]
15
ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا،
16
کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
17
گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە.
18
بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز:
19
لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن،
20
هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن،
21
بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.
ژن و مێرد 
22
ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن.
23
وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە.
24
وەک چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش دەبێت لە هەموو شتێک ملکەچی مێردەکانیان بن.
25
ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،
26
تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە،
27
بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هیچ شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ کەموکوڕی بێت.
28
بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ.
29
کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،
30
چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.
31
﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾[b]
32
ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم.
33
ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.
  1. a. 5‏:14 بڕوانە ئیشایا 60‏:1‏‏.‏
  2. b. 5‏:31 پەیدابوون 2‏:24.‏‏