عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەری ساڵ و جەژنی پەسخە 
1
یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو:
2
«ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە.
3
لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک.
4
ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا با لەگەڵ نزیکترین دراوسێیدا بەشی بکات بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان؛ بەگوێرەی ئەو بڕەی کە هەرکەسێک دەتوانێت لە بەرخەکە بخوات.
5
دەبێت ئاژەڵێکی نێرینەی ساغی یەک ساڵە بۆ خۆتان دانێن و لە بەرخ یان گیسک هەڵیاندەبژێرن.
6
هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لەلای خۆتان چاودێرییان دەکەن، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەریان دەبڕن.
7
لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن.
8
گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن.
9
نەکەن بە خاوی یان کوڵاوی بیخۆن، بەڵکو دەبێت برژاو بێت، لەگەڵ سەر و پێ و هەناوی.
10
لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن.
11
ئاواش دەیخۆن: ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان بە دەستەوە بێت. بە پەلە دەیخۆن؛ ئەوە پەسخەیە[a] بۆ یەزدان.
12
«من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم.
13
خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک لە خاکی میسر دەدەم.
14
«ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
15
حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[b] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[c] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
16
لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[d] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت کە هەموو کەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
17
«ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و با وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت.
18
لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ.
19
حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت. هەرکەسێک بە نامۆ و هاوڵاتیشەوە شتێک بخوات کە هەویرترشی تێدابێت، لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
20
شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
21
ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن.
22
دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە.
23
یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
24
«ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن.
25
ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم ئەرکە دەپارێزن.
26
ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم ئەرکە چییە بۆ ئێوە؟“
27
ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد.
28
نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
29
ئەوە بوو یەزدان لە نیوەشەودا لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش.
30
فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
دەرچوون 
31
بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد.
32
مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
33
میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد تاکو پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.»
34
گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا.
35
هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەو جۆرەیان کرد کە موسا پێی گوتن و داوای خشڵی زیو و زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد.
36
یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
37
نەوەی ئیسرائیل کە نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو دەبوون بێجگە لە ئافرەت و منداڵ، لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت.
38
هەروەها کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوتن، هەروەها ئاژەڵێکی زۆریش کە لە مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ پێکهاتبوون.
39
ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە. هەویرەکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەدەکرا دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
40
نەوەی ئیسرائیلیش چوار سەد و سی ساڵ لە میسردا نیشتەجێ بوون.
41
ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە.
42
لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوەدا هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
فەرزی پەسخە 
43
یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:
«هیچ بیانییەک لێی ناخوات.
44
هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات.
45
بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
46
«لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت.
47
هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
48
«ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنەنەکراو لێی ناخوات.
49
یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
50
ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
51
ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لە شێوەی لەشکر لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.
  1. a. 12‏:11 پەسخە: عیبری \+tl پەسەح‏\+tl*، واتا تێپەڕبوون یاخود لێخۆشبوون.‏
  2. b. 12‏:15 هەموو نانێکە کە هیچ جۆرە هەویرترشێکی تێنەکرێت.‏
  3. c. 12‏:15 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.‏
  4. d. 12‏:16 بیرۆکەی بنەڕەتی سەرجەم جەژنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەمای سەرەکی: (1) یادکردنەوەی کار و چاکە مەزنەکانی خودا بەرامبەر بە گەلەکەی؛ (2) خۆتەرخانکردن لەم ڕۆژانەدا تەنها بۆ ستایش و پەرستنی خودا و فێربوون.‏