عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تەرخانکردنی نۆبەرە 
1
یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»
3
موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن.
4
ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە[a] ، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن.
5
کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن.
6
حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان.
7
لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.
8
لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”من ئەمە دەکەم لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“
9
بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت.
10
ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.
11
«کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانییەکان و دەیداتە ئێوە، هەروەک سوێندی خوارد بۆ ئێوە و بۆ باوکانتان،
12
ئەوا ئێوە هەموو بەری یەکەمی سک و هەموو نۆبەرەیەکی نێرینە لە بەری ماڵاتەکەتان کە بۆتان دەبێت، دەبێت پێشکەشی یەزدانی بکەن، ئەوانە بۆ یەزدانن.
13
هەموو نۆبەرەیەکی گوێدرێژیش بە بەرخێک دەکڕنەوە، ئەگەر نەیکڕنەوە، ملی دەشکێنن. هەموو نۆبەرەیەکیش لە کوڕانتان دەکڕنەوە.
14
«لە ڕۆژانی داهاتوو کە کوڕەکەت لێت دەپرسێت و دەڵێت: ”ئەمە چییە؟“ پێی دەڵێیت: ”بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین، لە خاکی کۆیلایەتی.
15
ئەوە بوو کاتێک فیرعەون کەللەڕەق بوو لە ڕێپێدانمان بۆ ئەوەی بڕۆین، یەزدان هەموو نۆبەرەیەکی لە خاکی میسر کوشت، لە نۆبەرەی مرۆڤەوە هەتا نۆبەرەی ئاژەڵ. لەبەر ئەمەیە من هەموو نێرێکی نۆبەرەی سک بۆ یەزدان سەردەبڕم و هەر نۆبەرەیەک لە منداڵەکانم دەکڕمەوە.“
16
ئەمەش دەبێتە نیشانە لەسەر دەستت و هێما لەسەر نێوچەوانت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین.»
ڕۆیشتن بەناو دەریا 
17
ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[b] ، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.»
18
ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.
19
موساش ئێسقانەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[c]
20
دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد، لە ئێتام لە قەراغی چۆڵەوانی چادریان هەڵدا.
21
یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن.
22
ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.
  1. a. 13‏:4 دەوروبەری مانگی نیسانە لە کاتی دروێنە.‏
  2. b. 13‏:17 فەلەستییەکان: کۆمەڵێک بوون لە دوورگەکانی دەریای ناوەڕاستەوە هاتن و لە خاکی فەلەستینی ئێستادا نیشتەجێ بوون. بڕوانە ئامۆس 9‏:7‏.‏
  3. c. 13‏:19 بڕوانە پەیدابوون 50‏:25‏‏.‏