عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بابلی شمشێری خودا
- 1
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و
- 3
- بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کێلانەکەیەوە[a] هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە.
- 4
- لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کێلانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور.
- 5
- ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
- 6
- «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە.
- 7
- ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
- 8
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 9
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ:
 «”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە،
 هەروەها مشتوماڵ کراوە،
- 10
- بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە،
 مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە!
 «”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم[b] خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
- 11
- «”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە
 بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت.
 ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە
 تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
- 12
- ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە،
 چونکە بەسەر گەلەکەم و
 بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە.
 فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە،
 لەگەڵ گەلەکەم.
 لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
- 13
- «”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
- 14
- «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە،
 دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە.
 با بە چواردەوریاندا
 شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت،
 شمشێری سەربڕینە،
 شمشێری کوشتاری گەورەیە.
- 15
- بۆ توانەوەی دڵ و
 بۆ زۆرکردنی کوژراوان،
 لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان
 شمشێری سەربڕینم داناوە.
 ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە،
 ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
- 16
- ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە،
 ئینجا لای چەپ،
 بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
- 17
- منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم،
 تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە.
 من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
- 18
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 19
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ.
- 20
- ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند،
- 21
- چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو.
- 22
- تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان.
- 23
- لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
- 24
- «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
- 25
- «”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
- 26
- یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە.
- 27
- کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگەیە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
- 28
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت:
 «”شمشێر[c] ، شمشێر
 بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە،
 مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن،
 بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
- 29
- بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و
 فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون،
 شمشێرەکە لەسەر ملی
 کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت،
 ئەوانەی ڕۆژیان هات،
 کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
- 30
- «”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی.
 لە نیشتیمانی دایکت
 حوکمت بەسەردا دەدەم،
 لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
- 31
- تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
 بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم،
 دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی
 شارەزا لە فەوتاندن.
- 32
- دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر،
 خوێنت لە ناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت.
 ئیتر یادت ناکرێتەوە،
 چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»
- a. 21:3 کالانەکەیەوە.
- b. 21:10 ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ داردەستەکەی یەهودا، بڕوانە پەیدابوون 49:10.
- c. 21:28 مەبەست لە شمشێری نەبوخودنەسری پاشای بابلە.

