عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دوو خوشکی داوێنپیس
 - 1
 - فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 2
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ئافرەت هەبوون، کچی یەک دایک بوون،
 - 3
 - بە هەرزەکاری لە میسر لەشفرۆشیان کرد، لەوێ ختووکەی مەمکیان درا و گۆی مەمکی پاکیزەییان دەستبازی پێ کرا.
 - 4
 - گەورەکەیان ناوی ئۆهۆلا بوو و خوشکەکەشی ئۆهۆلیڤا. ئەوان هی من بوون و کوڕ و کچیان بوو، ناوەکانیشیان، ئۆهۆلا سامیرەیە و ئۆهۆلیڤا ئۆرشەلیمە.
 - 5
 - «ئۆهۆلا لەگەڵ ئەوەی هی من بوو لەشفرۆشی کرد و هەوەسبازی لەگەڵ دۆستانی کرد، لەگەڵ پاڵەوانەکانی ئاشور،
 - 6
 - ئەوانەی جلی مۆریان پۆشیوە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، هەموویان گەنجی هەوەسدار و ئەسپ سوارن.
 - 7
 - لەشی خۆی بە هەموو هەڵبژاردەکانی نەوەی ئاشور فرۆشت، بە هەموو ئەوانەی هەوەسبازی لەگەڵ کردن گڵاو بوو، بە هەموو بتەکانیان.
 - 8
 - وازی لە لەشفرۆشییەکەی میسریش نەهێنا، چونکە بە هەرزەکاری لەگەڵی جووت بوون و دەستبازییان بە گۆی مەمکی پاکیزەیی کرد و هەوەسی خۆیان بەسەریدا ڕشت.
 - 9
 - «لەبەر ئەوە دامە دەست دۆستەکانی، دەست نەوەی ئاشور کە بە عەشقی بۆیان سووتا بوو.
 - 10
 - ئەوان ڕووتییەکەیان دەرخست، کوڕ و کچەکانیان برد و ئەویشیان بە شمشێر کوشت. جا بۆ ژنان بوو بە پەند، حوکمی بەسەردا درا و جێبەجێ کرا.
 - 11
 - «ئۆهۆلیڤای خوشکی ئەمەی بینی، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی و هەوەسبازییەکەی و لەشفرۆشییەکەی زیاتر بوو لە لەشفرۆشی خوشکەکەی.
 - 12
 - هەوەسی چووە سەر نەوەی ئاشور، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، پاڵەوانەکان، کە نایابترین جلیان لەبەردایە، ئەسپ سوارن و هەموو گەنجی هەوەسدارن.
 - 13
 - بینیم ئەویش گڵاو بوو، هەردووکیان یەک ڕێگایان گرتبووە بەر.
 - 14
 - «بەڵام ئۆهۆلیڤا لەشفرۆشییەکەی زیاتر کرد، کاتێک لەسەر دیوارێک وێنەی پیاوە بابلییەکانی بینی کە بە سووری ئاڵ وێنەیان کێشرابوو،
 - 15
 - پشتێن بە ناوقەدیانەوە و مێزەرەکانیان بەسەر سەریانەوە شۆڕ بووەتەوە. هەموویان بە ڕوخسار لە فەرماندە دەچن، لە شێوەی بابلییەکان کە کلدان خاکی لەدایکبوونیانە.
 - 16
 - هەرکە چاوی پێیان کەوت، هەوەسی چووە سەریان، نێردراوی بۆ لایان نارد بۆ خاکی کلدانییەکان.
 - 17
 - نەوەکانی بابلیش بۆ ناو نوێنی خۆشەویستی بۆی هاتن و بە هەوەسبازی خۆیان گڵاویان کرد. پاش ئەوەی پێیان گڵاو بوو پشتی لێکردن.
 - 18
 - لەشفرۆشی و ڕووتی خۆی بەدەرخست، جا پشتم لێکرد، وەک چۆن پشتم لە خوشکەکەشی کردبوو.
 - 19
 - کاتێک ڕۆژانی هەرزەکاری بەبیر هاتەوە کە تێیدا لە خاکی میسر لەشی خۆی فرۆشت لەشفرۆشی خۆی زیاتر کرد.
 - 20
 - هەوەسی چووە سەر هەوەسبازەکانیان، ئەوانەی ئەندامی نێرینەیان وەک هی نێرەکەرە و پەڕینیان وەک پەڕینی ئەسپە.
 - 21
 - بیری بەدڕەوشتی سەردەمی هەرزەکاریت کرد کە میسرییەکان دەستبازییان بە گۆی مەمکت دەکرد لەبەر مەمکی هەرزەکاریت.
 - 22
 - «ئەی ئۆهۆلیڤا، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من دۆستەکانی خۆت لێ هاندەدەم، ئەوانەی پشتت لێکردن، لە هەموو لایەکەوە دەیانهێنمە سەرت،
 - 23
 - نەوەکانی بابل و هەموو کلدانییەکان، پەقۆد و شوەع و قوەع، هەموو نەوەی ئاشوریش لەگەڵیان، گەنجە هەوەسدارەکان، هەموویان فەرمانڕەوا و پارێزگارن، فەرماندە و پاڵەوانن، هەموو ئەسپ سوارن.
 - 24
 - جا بە کۆمەڵی نەتەوەکانەوە دێنە سەرت، بە چەک و گالیسکە و عەرەبانەوە، بە قەڵغانی گەورە و بچووک و بە کڵاوی ئاسنینەوە دەورەت دەگرن. منیش سزاکەت دەدەمە دەست ئەوان و بە حوکمەکانی خۆیان سزات دەدەن.
 - 25
 - ئیرەییەکەم لە دژی تۆ دەبێت، بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، لووت و گوێت دەبڕن و پاشماوەکەت بە شمشێر دەکوژرێت. کوڕ و کچەکانت دەبەن و پاشماوەکەت بە ئاگر هەڵدەلووشرێت.
 - 26
 - هەروەها جلت لەبەر دادەماڵن و کەرەستەی ڕازاندنەوەکەت دەبەن.
 - 27
 - کۆتایی بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت دەهێنم کە لە خاکی میسرەوە دەستت پێکرد. ئینجا چاوت بەرز ناکەیتەوە بۆیان و ئیتر میسرت لەبیر نابێت.
 - 28
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئۆهۆلیڤا من خەریکم دەتدەمە دەست ئەوانەی ڕقت لێیان بووەوە، بە دەست ئەوانەی پشتت لێکردن،
 - 29
 - جا بە قینەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، هەموو بەری ڕەنجت دەبەن و بە ڕووتوقووتی بەجێت دەهێڵن، بێ شەرمی لەشفرۆشیت و بەدڕەوشتی و هەوەسبازییەکەت ئاشکرا دەکرێت.
 - 30
 - ئەمەیان بەسەرت هێناوە، چونکە بەدوای نەتەوەکانەوە هەوەسبازیت کرد و بە بتەکانیان خۆتت گڵاوکرد.
 - 31
 - ڕێگای خوشکت گرتەبەر، لەبەر ئەوە جامەکەی ئەو دەدەمە دەستی تۆ.
 - 32
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە،
کە قووڵ و بەرینە،
جامەکەش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن،
چونکە زۆر دەگرێت. - 33
 - پڕ دەبیت لە مەستی و خەم،
چونکە جامی سامیرەی خوشکتە،
جامی واقوڕمان و وێرانییە. - 34
 - جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت،
پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و
مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت،
چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. - 35
 - «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.»
 - 36
 - هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە،
 - 37
 - چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن.
 - 38
 - هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد.
 - 39
 - کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لە ناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا.
 - 40
 - «تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە.
 - 41
 - لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.
 - 42
 - «دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆروبۆر. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان.
 - 43
 - ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“
 - 44
 - جا لەگەڵی جووت بوون، وەک ئەوەی لەگەڵ لەشفرۆشێک جووت ببن. ئاوا لەگەڵی جووت بوون، لەگەڵ ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە.
 - 45
 - لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.
 - 46
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان.
 - 47
 - چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.
 - 48
 - «جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن.
 - 49
 - بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»
 

