عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پێشبینییەک لەسەر عەمۆن
 - 1
 - فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 2
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە،
 - 3
 - بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران،
 - 4
 - لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە.
 - 5
 - ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری[a] مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
 - 6
 - یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت،
 - 7
 - لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
 - پێشبینییەک لەسەر مۆئاب
 - 8
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘
 - 9
 - هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێتیەشیمۆت و بەعلمەعۆن و قیریاتەیم.
 - 10
 - مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت.
 - 11
 - مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
 - فەرموودەیەک سەبارەت بە ئەدۆم
 - 12
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە،
 - 13
 - هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی.
 - 14
 - بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
 - پێشبینییەک لەسەر فەلەستیە
 - 15
 - «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی،
 - 16
 - هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم.
 - 17
 - تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
 
- a. 25:5 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.
 

