عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - شیوەنێک بۆ سور
- 1
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە.
- 3
- بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «”ئەی سور، تۆ گوتت
 ’من تەواو جوانم.‘
- 4
- سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
 بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
- 5
- هەموو تەختە دارەکانیان
 لە دار سنەوبەری سنیر[a] بۆت دروستکرد.
 لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
 تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
- 6
- لە دار بەڕووەکانی باشان
 سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
 تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
 بە عاج ڕازاوەن.
- 7
- کەتانی نەخشێنراوی میسر
 چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
 قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
 چەترت بوون.
- 8
- خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
 سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
 ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
 ئەوان کەشتیوانت بوون.
- 9
- پیرانی جوبەیل[b]  و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
 کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
 هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
 بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
- 10
- «”پیاوانی فارس و لوود و پووت
 لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
 قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
 ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
- 11
- نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
 بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
 گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
 قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
 ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
- 12
- «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 13
- «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 14
- «”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 15
- «”خەڵکی ڕودس[c]  بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
- 16
- «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،[d]  قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین[e] ، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان[f]  بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 17
- «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان[g]  بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 18
- «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 19
- «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا[h]  و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 20
- «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
- 21
- «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
- 22
- «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
- 23
- «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت.
- 24
- ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
- 25
- «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
 لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
- 26
- ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
 بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
 بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
 جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
- 27
- سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
 کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
 ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
 هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن،
 لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
 دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
- 28
- لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
 کەنارەکان دەلەرزن.
- 29
- هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
 کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
 لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
 لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
- 30
- دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
 بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
 خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
 لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
- 31
- بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
 جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
 بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
 بۆت دەگریێن.
- 32
- لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
 بۆت دەلاوێننەوە:
 ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
 بێدەنگی نواند؟‘
- 33
- کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
 گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
 بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
 پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
- 34
- کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
 لەناو قووڵایی ئاوەکان،
 کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
 لەگەڵت نوقوم بوون.
- 35
- هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
 واقیان لێت وڕدەمێنێت،
 پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
 ڕوخساریان دەشێوێت.
- 36
- بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
 کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
 ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
- a. 27:5 سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە دواوتار 3:9.
- b. 27:9 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.
- c. 27:15 دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست.
- d. 27:16 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە.
- e. 27:16 نەخشاندنی قوماش بە دەست.
- f. 27:16 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.
- g. 27:17 ئازارشکێن.
- h. 27:19 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.

