عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شیوەنێک بۆ میسر 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”واوەیلا بکەن،
’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
3
چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
4
شمشێرێک دێتە سەر میسر،
ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
سامانەکەی دەبردرێت و
بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
5
کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
6
«”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
7
«”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
8
بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
9
«”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
10
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
11
ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
12
چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
13
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بتەکان لەناودەبەم و
کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
14
پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
لە شاری تیب سزا دەسەپێنم.
15
تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
قەڵاکەی میسر،
ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
16
ئاگر لە میسر بەردەدەم،
پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
17
گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
بە شمشێر دەکوژرێن،
ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
18
لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
کاتێک نیرەکانی[a] میسر دەشکێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
19
لە میسر سزا دەسەپێنم،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
شکاندنی هێزەکانی فیرعەون 
20
لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،[b] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
21
«ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە.
22
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە.
23
میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
24
هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە.
25
بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت.
26
میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
  1. a. 30‏:18 مەبەستی لە بارگرانییە.‏
  2. b. 30‏:20 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و نۆی مانگی چواری ساڵی 587ی پێش زایین.‏